وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ لە سلێمانی بەشداری یادی هەڵکردنی ئاڵای كوردستانی کرد

17/12/2017

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (2017/12/17)ی زایینی, (د.پشتیوان سادق) وه‌زیری په‌روه‌رده، به‌ياوه‌رى به‌رێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ی سلێمانى بەشداری مەراسیمی یادکردنەوەی هەڵکردنی ئاڵاى كوردستانی له‌ قوتابخانه‌ى ئاماده‌يى فريشتەى كچان ئەمڕۆژەی كرد. 
له‌ سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌دا، سروودی نیشتمانی ئه‌ی ڕه‌قیب و ڕێوشوێنی دێده‌وانی، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای پیرۆزی كوردستان ئه‌نجام درا، دواتر چه‌ند سروودێكی نیشتمانيی و چه‌ندين چالاكی هەمەجۆر له‌لایه‌ن قوتابیان و خوێندكارانەوە پێشکەش کران. دواتر وەزيرى په‌روه‌رده‌ سه‌ردانى يه‌كه‌ى سه‌رپه‌رشتيارانى به‌رێوه‌به‌رايه‌تى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى كردو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م مامۆستايان و سه‌رپه‌رشتيارانى سنوورى به‌رێوه‌به‌رايه‌تى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى كۆ بووه‌وە و گفتوگۆ و باس لەسەر پرسە پەیوەدیدارەکانی سەرپەرشتیاری کرا‌. هەر لە درێژەى ئەم سەردانەیدا د. پشتیوان سادق لە پەروەردەی گشتی سلێمانی کۆبونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی پەروەردەو بەشێک لە ئەندامانی سکرتاریەت و لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستانى کوردستان ئەنجام دا و تیایدا باس لە رەوشی ئێستای پەروەردە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و رێگەچارەی گونجاو بۆ سەرخستنی پرۆسەى پەروەردە کرا. 
دواتر وەزیری پەروەردە بەمەبەستی پیرۆزباییکردن بەبۆنەی دەستبەکاربوونی بەڕێز هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری سلێمانی سەردانی پارێزگای سلێمانی کردو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەردوولا قسەیان لەسەر هاوکاری یەکتری و باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پەروەردە کرد.

ئەم پەیجە 39 جار بینراوە



Copyright © Ministry Of Education. All Rights Reserved. بۆ سەرەوە