پاکوخاوێنى هۆکارێکى گرنگە بۆ سەرکەوتنى قوتابخانە

30/11/2017

وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٩/١١/٢٠١٧)ى زایینى سەردانى چەند قوتابخانەیەکى نێو شارى هەولێرى کرد و لەگەڵ مامۆستاکان و قوتابییەکان دوا و باسى کێشە و گرفتى قوتابخانەکانى لەگەڵ کارگێڕى قوتابخانەکان کرد.
مەبەستى وەزیرى پەروەردە لە سەردانە بەردەوامەکانى بۆ قوتابخانەکان و بەشداربوون لە چالاکییە سەرەتاییەکانى دەستپێکى خوێندنى ڕۆژانە، بینینى بەردەوامیەتى خوێندن و گفتوگۆکردنى ڕاستەوخۆیە لەگەڵ کارگێڕى و مامۆستا و قوتابیانى قوتابخانەکان.
لە سەردانى ئەوڕۆی خۆیدا، وەزیرى پەروەردە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک باسى لەوە کردووە کە " هەندێ بەڕێوەبەر و کارگێڕی قوتابخانە زۆر بە وردی و جدی خەریکی ڕاگرتنی پاکوخاوێنی خوێندنگاکانیانن، بەوەى کە وەک چالاکییەکى پەروەردەیی هەفتەی ڕۆژێکیان بۆ هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی قوتابخانەکانیان داناوە" و لە ڕووى پەروەردەییەوە ئەمەیش بۆ هاندانێک بۆ هەموو ئەندامانى قوتابخانەکە دادەنرێت بەتایبەت قوتابیان و وەزیرى پەروەردە لە پۆستەکەیدا باسى لەوە کردووە کە "ئەم کارگێڕ و مامۆستایانە پلانی باشیان هەیە بۆ قوتابخانەکەیان بە گشتی، بەڵام بەداخەوە هەندێک بەڕێوەبەرى دیکە خەمساردن لەم هەڵمەت و چالاکییە پەروەردەییانە"، کە پەیوەندى بە هیچ شتێک و تێچوونێکەوە نییە، هێندەى پێویستى بە شێلگێربوون و خەمخۆرى خاوێنى ژینگەى خوێندنەوە هەیە. 
دکتۆر پشتیوان سادق نووسیویەتى کە لە یەکێک لە قوتابخانەکاندا، مامۆستایەکى خانەنشین هەیە کە بە خۆبەخشانە وانەى ئینگلیزی دەڵێتەوە، "بەڕاستی زۆر جێگای دەستخۆشی و سوپاسکردنە".
ئەم پەیجە 39 جار بینراوە



Copyright © Ministry Of Education. All Rights Reserved. بۆ سەرەوە