فاتح مه‌وله‌وی زاده‌: هیچ ڕۆژێك نه‌كراوه‌ته پشوو (OFF) بۆ مامۆستایان

03/02/2015 01:49:00 م

          چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌ندێك ماڵپه‌ڕ و ده‌زگای ڕاگه‌یاندن ده‌نگۆی زیادكردنی ڕۆژێك پشووی حه‌فتانه‌ و ئاساییبوونی جێهێشتنی قوتابخانه‌ له‌ كاتی نه‌بوونی وانه‌یان بڵاو كرده‌وه‌. بۆیه‌ (فاتێح مه‌وله‌وی زاده‌) وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

وه‌ك وه‌زاره‌تی په‌روه‌دره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ پێویستی ده‌زانین به‌ڕێوه‌به‌ران و مامۆستایانی خۆشه‌ویست ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م ده‌نگۆیانه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو، فه‌رمان و بڕیاری فه‌رمی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان نین، بۆیه‌ لێره‌دا ده‌بێت هه‌موولایه‌ك ئاگاداری ئه‌وه‌ بن كه‌:

یه‌كه‌م: له‌ سنووری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕۆژێكی دیكه‌ وه‌ك پشوو (OFF) نییه جگه‌ له‌ هه‌ینی‌، هه‌ر چه‌نده‌ وه‌زاره‌ت به‌ پێویستی ده‌زانێت مامۆستایان به‌ پێی ماندووبوون وهه‌وڵه‌كانیان له‌ په‌روه‌رده‌كردنی ڕۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ خزمه‌تی زیاتر بكرێن هه‌ر هه‌نگاو و پلانێك  پێویستی به‌ لێوردبوونه‌وه‌ و به‌دواداچوونی زیاتر و چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك پرسی دیكه‌ هه‌یه‌. بۆیه‌ له‌ ئێستادا مامۆستایان پابه‌ندی ده‌وامی فه‌رمی خۆیان بن. ئه‌گه‌ر چی ته‌قدیری ته‌واومان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان سه‌ره‌ڕای  دواكه‌وتنی مووچه‌ به‌ڵام  به‌رده‌وام  بوون له‌ ده‌وامی  ئاسایی  و پێشمه‌رگه‌ ئاسا خزمه‌تی  خاك و نیشتمان و منداڵانی كوردستان و پێشمه‌رگه‌یان  كردووه‌، ئه‌وه‌ش جیگای رێزه‌ ئه‌گه‌ر چی  ئه‌ركی خۆشیانه‌.

دووه‌م: له‌ كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌م كابینه‌یه‌وه‌، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی خستووه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكات و نه‌هێشتنی ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ی كه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی مامۆستایاندا هه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ به‌ فه‌رمانی وه‌زیری په‌روه‌رده‌، گواستنه‌وه‌ی مامۆستایان ڕأگیراوه‌ و ئیشی ته‌واوی له‌سه‌ر كراوه‌ و چه‌ندین حاڵه‌تیش هه‌بووه‌ كه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ رێی جیاواز له‌و جۆره‌ گواستنه‌وانه‌ ئاگادار كراینه‌وه‌، چۆن  گواستنه‌وه‌ی مامۆستا ده‌سه‌ڵات خراوه‌ته‌ ئه‌ستوی په‌روه‌رده‌ی گشتی و په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكان به‌ سوپاسه‌وه‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی گواستنه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت به‌ نادادپه‌روه‌ری بێ دوودڵی به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین و هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ ده‌بێت یه‌كسانی ته‌واو له‌ گواستنه‌وه‌ و دابه‌شكردنی مامۆستایاندا هه‌بێت، چونكه‌ ناكرێت مامۆستایه‌ك به‌شه‌ وانه‌ی كه‌می هه‌بێت، له‌ كاتێكدا مامۆستای دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ زیاد له‌ بیست به‌شه‌ وانه‌ی له‌ حه‌فته‌یه‌كدا هه‌یه‌. ئه‌م پلانه‌یش درێژ ماوه‌یه‌ و به‌ چه‌ند مانگێك چاره‌سه‌ری كۆتایی بۆ ناكرێت، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌نگاوی ته‌واومان بۆ ناوه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین.

سێیه‌م: سه‌باره‌ت به‌ مۆڵه‌تدانی مامۆستا له‌ كاتی نه‌بوونی وانه یا كاتی ده‌وامی فه‌رمی، ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ پێویسته‌ مامۆستا پابه‌ندی كاتی ده‌وامی خۆی بێت. به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌، سه‌ركرده‌ی ئیداری و په‌روه‌رده‌یی قوتابخانه‌یه‌ و لێیان دڵنیان و پێمان وایه‌ له‌ ڕووی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی له‌ ئێمه‌ زیاتر نه‌بن ئه‌وا كه‌متر نین. مۆڵه‌تدان له‌ وانه‌یه‌ك و دوو وانه‌ كاری ئێمه‌ نییه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت و به‌ گوێره‌ی ڕێنماییه‌كان مۆڵه‌تدان له‌سه‌ر ئاستی قوتابخانه‌ و په‌روه‌رده‌كان ده‌سه‌ڵاتیان بۆ دیاری كراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش نابێت هیچ مۆڵه‌تێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر ‌خوێندنی وانه‌كان هه‌بێت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یش هیچ كات بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه‌ نادات كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی خوێندن و زه‌ره‌رمه‌ندبوونی قوتابیان هه‌بێت.

 

ئەم پەیجە 519 جار بینراوە
Copyright © Ministry Of Education. All Rights Reserved. بۆ سەرەوە