گەندەڵییەکان ئاشکرا دەکرێن، بۆیە دەبێت دڵخۆش بن

22/06/2015 10:43:00 م

             هەردەم وەزارەتى پەروەردە لە کاتى تاقیکردنە نیشتمانى و وەزارییەکانى قوتابیان و خوێندکاراندا، زۆرترین شمشێر و خەنجەرى لێ تیژ کراوەتەوە بۆ دژایەتیکردنى و ئەمساڵیش کەسانى غەشاوى و تەمەڵى نێو پڕۆسەى تاقیکردنەوەکان و ئەو کەسانەیش کە لە دەرەوە بە مەبەستى بازرگانى پشتى غەشکاران دەگرن، کەوتوونەتە تەقە لە وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە گوایا ئەمساڵ غەشکردن زۆرتر بووە.
پێویستە لەمەودا کەمێک بە ویژدانەوە ـ ئەگەر مابێت ـ لەم پرسە بڕوانرێت و لۆجیکیانە بیر لە بابەتەکە بکرێتەوە. چونکە زۆرێک لە بەکاربەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتیش بەکاربەرانى "فەیسبووک"، دەستیان ب درۆ و بووختان کردووە لەسەر وەزارەتى پەروەردە و وەزیرە بەڕێزەکەى، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڕێز (د. پشتیوان سادق) تاکە وەزیرى نێو هەموو کابینەکانى وەزارەتى پەروەردەی حکومەتى هەرێمە کە سەرەڕاى بوونى لێژنەى باڵاى بەدواداچوونى تاقیکردنەوەکانى وەزارەت، لیژنەى تایبەتى هۆڵى تاقیکردنەوەکانیشى داناوە تا بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشە و ڕووداوى نەخوازراو بکرێت و پێشى غەش و نادادپەروەرى لە هێنانى نمرە بگرێت.
بەڵێ ئەمساڵ لە چاو ساڵانى ڕابردوو پرسى غەشکردن زیاتر دەنگى داوەتەوە چونکە:
ـ ئەمساڵ ڕێژەى بەکاربەرانى فەیسبووک لە هەرێمى کوردستان لە ساڵانى ڕابردوو زیاترە و بەم پێیەیش دەنگدانەوەى کێشە و دیاردەکان لە ساڵانى ڕابردوویش زیاتر دەبێت.
ـ ئەمساڵ و بەتایبەت لە کاتى تاقیکردنەوەکاندا، مشتومڕى لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسى سیاسى زیاتر بووە و هەر ئەمەیش واى کردووە درۆ و بووختان زیاتر بێت.
ـ ئەو قوتابی و خوێندکارانەى کە غەشیان لێ گیراوە و هەموو وانەکانیان بە کەوتوو بۆ هەژمار کراوە، بۆ شاردنەوەى تەمەڵى و غەش و نووشستییەکانیان، گەورەترین پڕوپاگندە دژى وەزارەت دەکەن و بە پارە و پاڕانەوە داوا لە هاوڕێ فەیسبووکییەکانیان دەکەن تا پڕوپاگندەکانیان شەیر و بڵاو بکەنەوە.
ـ هۆکارێکى دیکەى جددى و دیارى زیاتر دەنگدانەوەى ئەم غەش و قۆپییەکردنە، بۆ پێداگرى و بەدواداچوونى زیاترى وەزیرى پەروەردە دەگەڕێتەوە کە بەردەوام پێداگرى لەسەر ئاشکراکردن و لێپێچینەوەى غەشکاران و یارمەتیدەرانیان دەکاتەوە و بە دڵنیاییشەوە سزا و کەوتنى تەواوەتی بۆ دیارى کردوون، بۆیە لە چاو ساڵانى ڕابردوو ئەم پرسە زیاتر دەنگى داوەتەوە.
***
بۆیە بە دڵنیاییەوە وەزارەتى پەروەردە بەو پەڕى هەستکردن بە بەرپرسیاری، هەوڵى نەهێشتنى گەندەڵى لە هێنانى نمرە و دادپەروەرى لە نێوان هەموو قوتابیان و خوێندکاران دەدات و لە بەرامبەریشدا پێویستە خەڵک و قوتابییە خەمخۆر و دەرسخوێنەکان بە ویژدانەوە لەم خەمخۆرییەى وەزیرى پەروەردە بڕوانن و دڵیان بەوە خۆش بێت کە گەندەڵییەکان ئاشکرا دەکرێن و هەست بەوە بکەن کە مافى منداڵەکانیان نافەوتێت و لە بەرامبەردا ئەوەى کە غەشى کردووە بۆ ساڵى دواتر دەهێڵدرێتەوە و بەمەیش ڕێگە بۆ قوتابی و خوێندکارێکى دیکەى خۆماندووکەر و دڵسۆز واڵاتر دەبێت تا بگات بە هیواکانى.

 

وەزارەتى پەروەردە
بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندن

 

ئەم پەیجە 1269 جار بینراوە
Copyright © Ministry Of Education. All Rights Reserved. بۆ سەرەوە